پەرلەمانتارێكی عێراق هۆشداریی دەدات لە پیلانێكی توركیا دژ بە كامپی مەخموور

پەرلەمانتارێكی سەربەخۆی عێراق هۆشداریی دەدات، لە پیلانێكی دەوڵەتی تورک دژ بە خەڵكی كامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور و دەڵێت: بەردەوامی جێبەجێكردنی پیلانەكان لە كامپی مەخموور پێشبینی كارەساتێكی ڕاستەقینە دەكرێت.

لە ٢٠ی ئایارەوە سوپای عێراق هەوڵی گەمارۆدانی كامپی مەخموور دەدات، بە دانانی تەلی دڕكاوی و دروستكردنی قولەی چاودێری سەربازی لە دەوروبەری كامپەكە، بەڵام بەرخودانی دانیشتوانی كامپەكە دژی هەوڵەكانی سوپای عێراق بەردەوامە

محەمەد عەنوز
محەمەد عەنوز

سەبارەت بە پیلانەكانی توركیا و فراوانكردنی دەسەڵاتەكانی لە عێراق و گەمارۆدانی كامپی مەخموور لەلایەن سوپای عێراقەوە، محەمەد عەنوز پەرلەمانتاری سەربەخی عێراق بە ڕۆژنیوزی وت: پیلانی دەوڵەتی داگیركەری تورك دوای سەركەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بریتییە لە فراوانكردنی دەسەڵات و كاریگەری لە ناوخۆی عێراق و سوریا بە هاوكاری لەگەڵ لایەنە سیاسییە حزبییەكان لە هەولێر.

عەنوز وتیشی: هۆشداریی لە پیلانێكی توركیا دژی خەڵكی كەمپی مەخموور لە پارێزگای نەینەوا دەدەین، چونكە ئەو هەلومەرجەی ئێستا خەڵك كامپی مەخموور تیایدان شاهیدی ئەوە دەدەن، كە ئەمە بەشێكە لەو پیلانە.

ڕوونیشیكردەوە، زیاتر لە جارێك داوامان لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و وەزارەتی دەرەوە و پەرلەمان كردووە، دژی دەستدرێژیەكانی توركیا لە ناوخۆی وڵات و ئەو پلانە فراوانخوازانە بوەستن كە ئەنقەرە ئەنجامی دەدات.

ئەو پەرلەمانتارە نەیشاردەوە، کە بەردەوامی جێبەجێكردنی پیلانەكان لە كامپی مەخموور پێشبینی كارەساتێكی ڕاستەقینە دەكرێت، ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەكان كار نەكەن بۆ وەستاندنی ئەوەی لەوێ ڕوودەدات.

هـ.ئ.

Comments are closed.